کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٠١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم، ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم.

٢لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە. کەی دێیت بۆ لام؟ بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم، لەناو ماڵی خۆم.

٣شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم. ڕقم لە کاری یاخیبووانە، قەت بە منەوە نانووسێت.

٤دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت، پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت.

٥ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات، دەمکوتی دەکەم، لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز بەرگە ناگرم.

٦چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم، ئەوانەی ڕێگای تەواوەتییان گرتووە خزمەتم دەکەن.

٧ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت، ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت.

٨بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی دەمکوت دەکەم، لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم، هەموو ئەوانەی گوناهبارن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.