کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١١٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدانم خۆشدەوێت، چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،

٢چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد، هەتا ماوم هەر لێی دەپاڕێمەوە.

٣تۆڕی مەرگ دەوری دام، ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم، دەرد و تەنگانەم چێژت.

٤بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە: «ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!»

٥یەزدان میهرەبان و ڕاستودروستە، خودامان بە بەزەییە.

٦یەزدان چاودێری خەڵکی ساکار دەکات، کاتێک زەلیل بووم، ئەو ڕزگاری کردم.

٧ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت، چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند.

٨تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد، چاوەکانم لە فرمێسک، پێیەکانم لە خزان،

٩تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم لە خاکی زیندووان.

١٠باوەڕم هەبوو، بۆیە گوتم: «من زۆر دەردەدارم!»

١١من لە کاتی تۆقینەکەمدا گوتم: «مرۆڤ هەموو درۆزنن!»

١٢چی بدەمەوە یەزدان، بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.

١٣جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.

١٤نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.

١٥یەزدان مردنی خۆشەویستانی لەلا سەنگینە.

١٦ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم، من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت، تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.

١٧قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم، بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.

١٨نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،

١٩لە حەوشەی ماڵی یەزداندا، لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم. هەلیلویا!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.