کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.

٢بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا، خودایان لەکوێیە؟»

٣خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات.

٤بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن.

٥دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن،

٦گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،

٧دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.

٨دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

٩ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

١٠ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

١١ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

١٢یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات، بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت، بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.

١٣بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە، گەورە و بچووکیش.

١٤با یەزدان هەر زیادتان بکات، ئێوە و منداڵەکانتان.

١٥با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی.

١٦ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.

١٧نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،

١٨بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. هەلیلویا!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.