کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

٢با ئیسرائیل بڵێ: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

٣با بنەماڵەی هارون بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

٤با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

٥لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد، بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم.

٦یەزدان لەلای منە، ناترسم، مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟

٧یەزدان لەلای منە، ئەو یارمەتیدەری منە، سەرکەوتووانە تەماشای ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە.

٨پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە مرۆڤ.

٩پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە میران.

١٠هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان دام، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.

١١ئابڵوقەیان دام و دەوریان گرتم، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.

١٢وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵان، وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.

١٣توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم، بەڵام یەزدان یارمەتی داوم.

١٤یەزدان هێز و گۆرانی منە، یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

١٥دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان: «دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،

١٦دەستی ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە، دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»

١٧من نامرم، بەڵکو دەژیم و باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.

١٨یەزدان بە توندی تەمبێی کردم، بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.

١٩دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە، پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.

٢٠ئەم دەرگایە هی یەزدانە، ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.

٢١ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی، بۆم بووی بە ڕزگاری.

٢٢ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە.

٢٣ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە.

٢٤ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە، با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

٢٥ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە، ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

٢٦پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت، لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.

٢٧یەزدان خودامانە و ئەو ڕووناکی خۆی بەسەرماندا درەوشاندەوە. قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە بە قۆچەکانی قوربانگا.

٢٨تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم، تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

٢٩ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.