کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە، ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.

٢خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن، بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن.

٣هەروەها خراپە ناکەن و بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.

٤تۆ ڕێنماییەکانت داوە، بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.

٥خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!

٦ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم، کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.

٧بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم، کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.

٨فەرزەکانت بەجێدەهێنم، هەرگیز وازم لێ مەهێنە.

٩گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟ بە پاراستنی وشەکانت.

١٠بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم، مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.

١١وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە، تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.

١٢ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ! فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

١٣بە لێوەکانی خۆم، باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.

١٤بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم، وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.

١٥لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە، چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.

١٦بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم، وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.

١٧چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە، تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.

١٨چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم، کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.

١٩من نامۆم لە زەوی، ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.

٢٠گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.

٢١سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد، کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.

٢٢ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە، چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.

٢٣هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن، بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.

٢٤یاساکانت شادمانی منن، ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.

٢٥گیانم بە خۆڵەوە نووساوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

٢٦باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

٢٧ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

٢٨گیانم لە خەفەتان توایەوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.

٢٩ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.

٣٠ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە، حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.

٣١دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم، ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!

٣٢بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم، چونکە دڵی منت ئازاد کرد.

٣٣ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە، هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.

٣٤تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم، بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.

٣٥بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت، چونکە دڵخۆشم دەکەن.

٣٦دڵم بخەرە سەر یاساکانت، نەک سەر قازانج.

٣٧چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ، لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.

٣٨بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی، ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.

٣٩ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم، چونکە حوکمەکانت چاکن.

٤٠ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم، بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.

٤١ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت، ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،

٤٢جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات، چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.

٤٣وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە، چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.

٤٤بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم، هەتاهەتایە و هەتاسەر.

٤٥بە ئازادی دەڕۆم، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.

٤٦لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم، شەرمەزاریش نابم.

٤٧خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم، چونکە حەزم لێیانە.

٤٨دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت، سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.

٤٩پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە.

٥٠لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.

٥١لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.

٥٢ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە.

٥٣لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.

٥٤فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم.

٥٥ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.

٥٦ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

٥٧ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.

٥٨بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.

٥٩لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.

٦٠خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.

٦١گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.

٦٢لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.

٦٣من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.

٦٤ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

٦٥ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.

٦٦هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.

٦٧بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.

٦٨تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

٦٩لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.

٧٠دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.

٧١چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.

٧٢فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.

٧٣دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم.

٧٤ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.

٧٥ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم.

٧٦با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.

٧٧با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.

٧٨با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.

٧٩با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.

٨٠با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.

٨١گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.

٨٢چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»

٨٣هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.

٨٤خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟

٨٥لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!

٨٦هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!

٨٧خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.

٨٨بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.

٨٩ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە.

٩٠دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت.

٩١ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.

٩٢ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.

٩٣هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە.

٩٤من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.

٩٥بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.

٩٦بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.

٩٧چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.

٩٨بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.

٩٩لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.

١٠٠لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.

١٠١پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.

١٠٢لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.

١٠٣بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.

١٠٤لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

١٠٥وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام.

١٠٦سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.

١٠٧ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

١٠٨ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.

١٠٩هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.

١١٠بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.

١١١یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن.

١١٢دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.

١١٣ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە.

١١٤تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە.

١١٥ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.

١١٦بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.

١١٧پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.

١١٨هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە.

١١٩هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە.

١٢٠لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم.

١٢١دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە، ڕادەستی زۆردارم مەکە.

١٢٢بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت، با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.

١٢٣چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت، بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت.

١٢٤بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

١٢٥من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە، بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.

١٢٦ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە، چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.

١٢٧لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،

١٢٨هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم، ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

١٢٩یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.

١٣٠ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.

١٣١دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.

١٣٢ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.

١٣٣هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.

١٣٤لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.

١٣٥ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

١٣٦جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.

١٣٧ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت، حوکمەکانت ڕاستن.

١٣٨ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و بە تەواوی جێی متمانەن.

١٣٩دڵگەرمیم سووتاندمی، چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.

١٤٠بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە، خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.

١٤١من بچووک و ڕیسوام، بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.

١٤٢ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و فێرکردنت ڕاستە.

١٤٣تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.

١٤٤یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن، تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.

١٤٥پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم.

١٤٦هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم.

١٤٧پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.

١٤٨بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.

١٤٩بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.

١٥٠پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە.

١٥١بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.

١٥٢لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.

١٥٣سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.

١٥٤پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.

١٥٥ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.

١٥٦ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.

١٥٧دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.

١٥٨ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.

١٥٩ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.

١٦٠هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.

١٦١میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە، بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.

١٦٢بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم، وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.

١٦٣ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە، بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.

١٦٤ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم، بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.

١٦٥ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن، هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.

١٦٦ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە، ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم.

١٦٧گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات، چونکە زۆر حەزم لێیەتی.

١٦٨ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم، چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.

١٦٩ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت، بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.

١٧٠با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت، بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.

١٧١با لێوم ستایشی لێ بڕژێت، چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.

١٧٢با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ، چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.

١٧٣با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم، چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.

١٧٤ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێرکردنت شادی منە.

١٧٥با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم، حوکمەکانت یارمەتیم بدات.

١٧٦وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم، بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ، چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.