کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی بەبیر خۆت بهێنەوە.

٢ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد، نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:

٣«شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکەم، نەچمە ناو نوێنەکەم،

٤خەو نەدەم بە چاوەکانم، پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،

٥هەتا شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم، نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»

٦ئەوەتا لە ئەفراتە هەواڵی ئەومان بیست، لەناو کێڵگەکانی یاعەر دۆزیمانەوە:

٧«با بچینە نشینگەکەی، با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.

٨ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت، خۆت و سندوقی هێزت.

٩با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن، خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»

١٠لە پێناوی داودی بەندەی خۆت، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە.

١١یەزدان سوێندی بۆ داود خوارد و هەرگیز لێی پاشگەز نابێتەوە: «لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.

١٢ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن، هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم، ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»

١٣لەبەر ئەوەی یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.

١٤«هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە، لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!

١٥بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم، هەژارەکانی تێر نان دەکەم.

١٦ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی، خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.

١٧«لەوێ هێز بە داود دەبەخشم، چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم ئامادە دەکەم.

١٨شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی، بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.