١هەلیلویا! ستایشی ناوی یەزدان بکەن، ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
٢ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون، لە حەوشەی ماڵی خودامان.
٣ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
٤چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.
٥من دەزانم یەزدان مەزنە، پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
٦یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات، لە ئاسمان و لەسەر زەوی، لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
٧لەوپەڕی زەوییەوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات و لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.
٨ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
٩ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد، لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
١٠ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و پاشا بە تواناکانی کوشت.
١١سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و عۆگی پاشای باشان و هەموو پاشاکانی کەنعان
١٢خاکەکەیانی کردە میرات، میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.
١٣ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە، ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
١٤چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت، میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.
١٥بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن.
١٦دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
١٧گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، هەناسە لە دەمیان نییە.
١٨دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
١٩ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
٢٠ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
٢١ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن، بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە. هەلیلویا!