١ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و منت ناسی.
٢هەستان و دانیشتنی منت زانیوە، لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
٣ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە، شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
٤ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت، تۆ بە تەواوی دەیزانی.
٥لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم، دەستت دەخەیتە سەرم.
٦ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە، لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
٧بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟ بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
٨ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی، ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
٩ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم، ئەگەر لەوپەڕی دەریا نیشتەجێ بم،
١٠لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات، دەستی ڕاستت بە خۆیەوە دەمگرێت.
١١ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت، ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
١٢ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت، شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت، تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.
١٣تۆ ناخی منت دروستکردووە، لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
١٤ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی و سەرسوڕهێنەری دروستکراوم، کارەکانت سەرسوڕهێنەرن، لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
١٥ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو، کاتێک لە پەنهانی دروستکرام، لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
١٦هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی. هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا، لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون، پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
١٧ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە! کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
١٨ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن. کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
١٩خودایە، خۆزگە بەدکارەکانت دەکوشت! ئەی خوێنڕێژەکان، لێم دووربکەونەوە!
٢٠ئەوانەی بە خراپە باست دەکەن، سکاڵاکاران بەبێ هۆ لێت هەستاون!
٢١ئەی یەزدان، ئایا ڕقم لەوانە نەبێت کە ڕقیان لە تۆیە؟ ئایا قێزم لەوانە نەبێتەوە کە لە دژی تۆ دەوەستن؟
٢٢بە تەواوی ڕقم لێیانە، بوون بە دوژمنم.
٢٣خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە! تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
٢٤سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە، ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.