١بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
٢بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم، ستایشی ناوت دەکەم، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت، چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
٣ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت، ئازا و بوێرت کردم.
٤ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن، کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
٥گۆرانی بەسەر کارەکانی یەزداندا دەڵێن، چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
٦هەرچەندە یەزدان پایەبەرزە، دەڕوانێتە کەسی بێفیز و لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
٧ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت، دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم، بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
٨یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛ ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە، واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.