١لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین، هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
٢بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
٣چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین، چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین: «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
٤چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین لە خاکێکی بێگانە؟
٥ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم، با دەستی ڕاستم بەهرەکەی لەبیر بکات.
٦با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم، ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
٧ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت، کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
٨ئەی دانیشتووانی بابل کە چارەنووستان لەناوچوونە، دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە، وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
٩دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و بە تاشەبەردیاندا دەدات!