١هەلیلویا! لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن، لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
٢ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن، ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
٣ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن، ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
٤ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
٥با ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
٦هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن، فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
٧لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن، ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
٨بروسکە و تەرزە، بەفر و تەم، ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
٩چیاکان و هەموو گردەکان، داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
١٠گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ، خشۆک و باڵدار،
١١پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان، میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
١٢گەنجان و کچان، پیران و منداڵان.
١٣با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە، شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
١٤پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە، تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن، نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن. هەلیلویا.