١هەلیلویا! چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان! ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!
٢یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە، ڕاپێچکراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
٣دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و برینیان ساڕێژ دەکات.
٤ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
٥پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە، تێگەیشتنی بێ سنوورە.
٦یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.
٧بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.
٨ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت، باران بۆ زەوی ئامادە دەکات، گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
٩خۆراکی ئاژەڵ و بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.
١٠یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت، بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
١١بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.
١٢ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە، ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.
١٣یەزدان شمشیرەی دەروازەکانت بەهێز دەکات، کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
١٤لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات، لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
١٥فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت، پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
١٦بەفر وەک خوری دەبارێنێت، زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
١٧تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا. کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
١٨پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە. بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
١٩پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت، فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
٢٠ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە، حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە. هەلیلویا!