١هەلیلویا! ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.
٢هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم، هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
٣نە پشت بە میرەکان ببەستن، نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
٤کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە.
٥خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
٦دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
٧دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، نان دەداتە برسییەکان. یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
٨یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە، یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە، یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
٩یەزدان نامۆکان دەپارێزێت، یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات، بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
١٠یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات، ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت. هەلیلویا.