کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٤٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

٢هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

٣یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە، مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.

٤هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات، پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.

٥دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن، منیش لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

٦دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن، منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.

٧یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن، گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.

٨یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.

٩یەزدان بۆ هەمووان چاکە، بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

١٠ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن، خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.

١١دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن، باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،

١٢تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت، هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.

١٣شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە، فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە. یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

١٤یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان، ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.

١٥چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە، تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.

١٦دەستت دەکەیتەوە و ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.

١٧یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە، خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

١٨یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.

١٩ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن، گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.

٢٠یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.

٢١دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ، با هەموو گیاندارێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.