١ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من، ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ، پەنجەکانم بۆ جەنگ.
٢ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە، پەناگا و دەربازکەرە بۆم، قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە، ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم.
٣ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟ کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟
٤مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت، ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.
٥ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە، دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن.
٦چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە، تیرت تێگرە و بیانبەزێنە.
٧لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە، فریام بکەوە و دەربازم بکە، لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە،
٨ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن، سوێندخواردنیان ساختەیە.
٩ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
١٠بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان، ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.
١١دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە، ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن، سوێندخواردنیشیان ساختەیە.
١٢ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن، کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی گۆشەی کۆشک دەبن.
١٣ئەمبارەکانمان پڕ دەبن لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک، مەڕەکانمان یەکە و هەزار و بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان،
١٤گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن. بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن، شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت!
١٥خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت، خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.