١ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت وەڵامم بدەوە.
٢لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی، چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.
٣دوژمن ڕاوم دەنێت، ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە، لەناو تاریکی داینیشاندووم وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.
٤ڕۆحم بێ ورە دەبێت، لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.
٥ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم، لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە، سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.
٦دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە، گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.
٧ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە، ڕۆحم لەناودەچێت، ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.
٨با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت، چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم. ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر، چونکە گیانی خۆم بە تۆ دەسپێرم.
٩ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە، هانا بۆ تۆ دەهێنم.
١٠فێرم بکە بە ڕەزامەندیی تۆ کار بکەم، چونکە تۆ خودای منی. با ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم بکات لە زەوییەکی ڕاست.
١١ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە، بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.
١٢بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە، هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن، چونکە من خزمەتکاری تۆم.