١ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە، بایەخ بە هاوارم بدە، گوێ لە نوێژەکەم بگرە، لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
٢ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت، چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.
٣ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت، ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت، پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
٤سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ، خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
٥هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو، پێم نەخلیسکاوە.
٦ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت، گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
٧جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە، ئەی ئەوەی بە دەستی ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
٨وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە، لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
٩لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر، لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.
١٠دڵە بەردینەکانیان داخستووە، بە دەمیش لاف لێدەدەن.
١١شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم، چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
١٢وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە، وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.
١٣ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە! بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
١٤ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە، لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە، ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان، کوڕەکانیان تێر دەخۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.
١٥بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم، کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.