کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.

٢یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە.

٣لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،

٤چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،

٥پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

٦لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، هاوارم گەیشتە بەرگوێی.

٧ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین.

٨دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.

٩ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.

١٠سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.

١١بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی.

١٢لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون، تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە.

١٣یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.

١٤تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.

١٥ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی تۆ، لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ.

١٦لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.

١٧لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.

١٨لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.

١٩منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

٢٠یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،

٢١چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم.

٢٢هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە.

٢٣لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.

٢٤یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

٢٥لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،

٢٦لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.

٢٧تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.

٢٨ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت، خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.

٢٩بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

٣٠ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.

٣١لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟

٣٢خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.

٣٣پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.

٣٤مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.

٣٥قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت، هاوکاریت گەورەم دەکات.

٣٦جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت.

٣٧دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.

٣٨وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن.

٣٩کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.

٤٠دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.

٤١هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.

٤٢وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن.

٤٣لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم، تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان، گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن.

٤٤هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن، بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن.

٤٥بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

٤٦یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە!

٤٧خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم،

٤٨لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.

٤٩لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

٥٠سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.