کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.

٢ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن، شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.

٣هیچ قسە و زمانێکیان نییە، دەنگیان نابیسترێت،

٤بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان. لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،

٥کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە، وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.

٦لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری، هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

٧فێرکردنی یەزدان تەواوە، دەروون دەبووژێنێتەوە. شەریعەتی یەزدان جێی متمانەیە، ساویلکە دەکەنە دانا.

٨ڕێنمایی یەزدان دروستە، دڵ خۆش دەکات. ڕاسپاردەی یەزدان پاکە، چاو ڕۆشن دەکات.

٩لەخواترسی بێگەردە، هەتاهەتایە سەقامگیرە. حوکمی یەزدان ڕاستە، بە تەواوی ڕاستودروستە.

١٠ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن، لە زێڕی بێگەردی زۆر، لە هەنگوین شیرینترن، لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.

١١خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە، پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.

١٢کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟ گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.

١٣خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە، وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت. ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم، لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

١٤با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم جێی ڕەزامەندی تۆ بێت، ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.