١یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ یەزدان قەڵای ژیانی منە، لە کێ بتۆقم؟
٢کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن، کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن، ساتمە دەکەن و دەکەون.
٣ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات، دڵم ناترسێت. ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم، ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.
٤داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم: کە هەموو ڕۆژانی ژیانم لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم، تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
٥لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا، لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە، بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت. بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.
٦ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم، لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم، سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
٧ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
٨سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!» ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
٩ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە، تۆ یارمەتیدەری من بوویت. ئەی خودای ڕزگارکەرم، ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
١٠تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن، یەزدان دەمگرێتە خۆی.
١١ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە، لەبەر دوژمنەکانم.
١٢بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە، چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە، هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.
١٣من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە، کە لە خاکی زیندووان چاکەی یەزدان دەبینم.
١٤چاوەڕێی یەزدان بە، خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە، چاوەڕێی یەزدان بە.