کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٢٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم، پشتم بە یەزدان بەستووە، بەبێ دوودڵی.

٢ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە، مێشک و دڵم بپشکنە،

٣چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە، بە ڕاستیی تۆ ڕەفتار دەکەم.

٤لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم، تێکەڵی دووڕووان نابم.

٥ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.

٦دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم، ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و

٧بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

٨ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت، ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.

٩گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆ مەکەوە، ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،

١٠ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە، ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.

١١بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم، بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

١٢پێم لەسەر زەوییەکی تەختە، لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.