کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٢٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

٢ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە. ڕێ مەدە شەرمەزار بم، دوژمنانم پێ خۆش مەکە.

٣هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە شەرمەزار نابن، بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.

٤ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە، ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.

٥لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە، چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت، بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.

٦ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت، چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.

٧ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە، بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە، لە پێناوی چاکی خۆت.

٨یەزدان چاک و سەرڕاستە، بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،

٩ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری، ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.

١٠هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.

١١ئەی یەزدان، لە پێناوی ناوی خۆت، لە گوناهم خۆشبە، هەرچەندە گەورەشە.

١٢کێیە ئەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت؟ خودا فێری ئەو ڕێگایەی دەکات کە بۆی هەڵبژاردووە.

١٣هەموو ڕۆژانی لە چاکەدا دەبێت و زەوی بە میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە.

١٤خودا نهێنی خۆی بەوانە دەسپێرێت کە لێی دەترسن، وا دەکات پەیمانەکەی زانراو بێت لەلایان.

١٥من هەمیشە چاوم ئاراستەی یەزدان کردووە، چونکە تەنها ئەو پێم لە تەڵە دەکاتەوە.

١٦ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە تەنها و کڵۆڵم.

١٧دڵتەنگیم زیاد بووە، لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە.

١٨تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.

١٩تەماشای دوژمنەکانم بکە چەند زۆر بوونە و چەند بە قینەوە ڕقیان لێمە.

٢٠ژیانم بپارێزە و ڕزگارم بکە، شەرمەزارم مەکە، چونکە پەنا وەبەر تۆ دەهێنم.

٢١با دروستی و سەرڕاستی پارێزەرم بن، چونکە ئومێدم بە تۆیە.

٢٢ئەی خودایە، ئیسرائیل بکڕەوە لە هەموو تەنگانەکانی!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.