١ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
٢ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
٣دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە، خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات، یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
٤دەنگی یەزدان بە هێزە، دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
٥دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت، یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
٦وا دەکات لوبنان وەک گوێرەکە ڕابکات و حەرمۆنیش وەک جوانەگای کێوی.
٧دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات بە بروسکە و تریسکەوە.
٨دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت یەزدان بیابانی قادێش دەلەرزێنێت.
٩دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە. لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
١٠یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت، یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
١١یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت، یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.