کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن، لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.

٢سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە، ڕاپەڕە و بگە فریام.

٣ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن. بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»

٤با ڕیسوا و شەرمەزار بن ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن، با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.

٥با وەک کای بەر بایان لێ بێت، فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.

٦با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.

٧لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە، بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،

٨با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات، با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە، با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.

٩ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت، بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.

١٠هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن: «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟ تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن، هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»

١١شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە، پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.

١٢بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە، گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.

١٣بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی، بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە. کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،

١٤وەک ئەوەی دۆست و برام بێت، پرسەدار بووم بۆی، وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە، لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.

١٥بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە، کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.

١٦وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن، ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.

١٧ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟ گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان، ژیانم لەو بەچکە شێرانە.

١٨لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.

١٩مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن، کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم. مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە، بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.

٢٠ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن، بەڵکو درۆ دادەڕێژن لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.

٢١دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن: «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»

٢٢ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە. ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.

٢٣هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم، ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.

٢٤ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.

٢٥مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!» یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»

٢٦با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن، تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن. با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن، بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.

٢٧با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن، گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن. با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت، کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»

٢٨زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.