کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم، هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.

٢گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات، با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.

٣با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین، با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.

٤ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات، لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.

٥ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە، ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.

٦ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو، لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.

٧فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن، دەربازیان دەکات.

٨تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە! خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.

٩لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی، چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.

١٠ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.

١١کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن، فێری لەخواترسیتان دەکەم.

١٢چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟

١٣زمانت لە خراپە بپارێزە و لێوەکانت لە فێڵبازی.

١٤لە خراپە دوور بە و چاکە بکە، بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.

١٥چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.

١٦ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە، تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.

١٧سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت، لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.

١٨یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.

١٩پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت، بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،

٢٠هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت، هیچیان ناشکێنرێت.

٢١بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات، ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.

٢٢یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.