کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.

٢بە ساز ستایشی یەزدان بکەن، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.

٣سروودێکی نوێی بۆ بڵێن، بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.

٤لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدان ڕاستە، لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.

٥یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت، زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

٦بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا، بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.

٧ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.

٨با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت، با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!

٩لەبەر ئەوەی کە فەرمووی، پەیدا بوو، فەرمانی دا، بوو.

١٠یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە، تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.

١١بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت، تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.

١٢خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدان خودایانە، بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.

١٣یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ، هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.

١٤لە نشینگەکەی خۆیەوە چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.

١٥ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە، ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.

١٦هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت، هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.

١٧ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون، بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.

١٨بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە،

١٩بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.

٢٠ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین، یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.

٢١دڵمان بەو خۆشە، چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.

٢٢ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت، بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.