کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە، گوناهەکانی داپۆشراوە.

٢خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

٣کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.

٤لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.

٥ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و تاوانم ناشارمەوە. گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

٦بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە، بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.

٧تۆ پەناگای منیت، لە تەنگانە دەمپارێزی و بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

٨خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.

٩وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن، بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت، بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.

١٠بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت، خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

١١ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.