کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.

٢گوێت بۆم شل بکە، بە زوویی فریام بکەوە، ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم، بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.

٣لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی، لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.

٤لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە، چونکە تۆ پەناگای منی.

٥ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم، ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.

٦من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن، من متمانەم بە یەزدان هەیە.

٧من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم، چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە.

٨نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان، بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم.

٩ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام. چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان، ڕۆح و لەشم لە خەمان.

١٠ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە، ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان، لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە، ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.

١١بەهۆی دوژمنەکانمەوە، بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم، بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم، ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.

١٢لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم، وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.

١٣گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە، «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!» هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن، بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.

١٤بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە، دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»

١٥ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە، لە دەستی دوژمنان و ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.

١٦با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.

١٧با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان، چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم، با بەدکاران شەرمەزار بن، لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن.

١٨با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت، چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن.

١٩چاکەت چەند مەزنە، کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن.

٢٠لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە، لە پیلانەکانی خەڵکی، لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت، لە زمانی سکاڵاکەران.

٢١ستایش بۆ یەزدان، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام، کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم.

٢٢لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم: «لەبەرچاوت نەماوم!» بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت، کە هاوارم بۆت هێنا.

٢٣ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت! یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت، بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.

٢٤ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن، ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.