کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ، بەغیلی بە بەدکاران مەبە،

٢چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن، وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.

٣پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە، لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.

٤خۆشی لە یەزدان ببینە، داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.

٥ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:

٦ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات، بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.

٧لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە، کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون، کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.

٨لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە. مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.

٩بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.

١٠پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت، دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.

١١بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.

١٢خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،

١٣بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.

١٤بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.

١٥بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت.

١٦ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی، لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،

١٧چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت، بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.

١٨یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین، هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.

١٩لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن، لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن.

٢٠بەڵام بەدکاران دەفەوتێن، دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن، وەک دووکەڵ لەناودەچن.

٢١بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە، بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن.

٢٢ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە، بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.

٢٣یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ، بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ.

٢٤ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت، چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت.

٢٥من گەنج بووم و ئێستا پیرم، هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن.

٢٦هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات، منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن.

٢٧لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە، ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت،

٢٨چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات، واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ. هەتاهەتایە دەپارێزرێن، بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە.

٢٩ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن.

٣٠دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت، زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات.

٣١فێرکردنی خودای خۆی لەناو دڵیەتی، بۆیە پێی ناخلیسکێت.

٣٢بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست، هەوڵدەدات بیکوژێت،

٣٣بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت، ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت.

٣٤چاوەڕێی یەزدان بکە و ڕێگای ئەو بگرە. ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە، کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت.

٣٥بەدکارم دی بێ ویژدان بوو، وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد،

٣٦بەڵام زوو تێپەڕی و نەما، هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو.

٣٧بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە.

٣٨بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن، دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە.

٣٩ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت، ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە.

٤٠یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات، لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات، چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.