کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٣٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە، بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.

٢تیرەکانت منیان پێکا، دەستت منی خستە خوارەوە.

٣بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە، بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.

٤تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون، وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.

٥برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە، بەهۆی گێلایەتی خۆم.

٦پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە، بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.

٧کەلەکەم پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر، تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.

٨بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم، لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.

٩ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە، ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.

١٠دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە، تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.

١١لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن، خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.

١٢ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.

١٣بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت، وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.

١٤وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت، هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.

١٥ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە،

١٦چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم دڵخۆش بن، یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»

١٧خەریکە دەکەوم، هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.

١٨دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم، بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.

١٩دوژمن چالاک و بەهێزن، ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.

٢٠ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە، دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.

٢١ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە، ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.

٢٢ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم، خێرا بگە فریام.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.