١بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد، ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
٢لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە، لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام. پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
٣گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم، سروودێکی ستایش بۆ خودامان. زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و پشت بە یەزدان دەبەستن.
٤خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت، ڕوو لە لووتبەرزان ناکات، لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
٥ئەی یەزدان، خودای من، زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە. ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت، ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە، ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
٦بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو گوێی منت کردەوە، داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
٧ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.
٨ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم، فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
٩لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم، ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت، دەمی خۆم ناگرم.
١٠ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە، باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
١١ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە، با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت،
١٢چونکە بەڵای بێشومار دەوری داوم، گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم. لە مووی سەرم زیاترن، ورەم بەرداوە.
١٣یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم، یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.
١٤با هەموو شەرمەزار و سووک بن، ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی. ببەزن و ڕیسوا بن ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
١٥با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن، ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
١٦بەڵام با هەموو ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن شاد و دڵخۆش بن. با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!» ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
١٧بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم، با پەروەردگار بایەخم پێبدات. یارمەتی و دەربازکەرم تۆی، ئەی خودای من، دوا مەکەوە.