١خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە، یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
٢یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە، لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
٣یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
٤گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
٥دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن: «کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
٦کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت، بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە، کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
٧هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن، پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
٨«دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە، لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
٩تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو، ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.
١٠بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
١١بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت، چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
١٢بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
١٣ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.