کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٤٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.

٢گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم؟

٣بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

٤هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.

٥ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

٦گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە.

٧قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.

٨بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.

٩خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: «بۆچی لە یادت کردووم؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»

١٠بە تێکشکانی ئێسقانەکانم ناحەزانم توانجم تێدەگرن، بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

١١ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.