١دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت، کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە، زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
٢تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە، چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
٣ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە، شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.
٤بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە، لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری، با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.
٥با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن، با گەلان لەبەر پێت بکەون.
٦ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
٧تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە، بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.
٨جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا و کاسیا بۆندار بووە، لە کۆشکی بە عاج ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
٩لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن، شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە لەلای دەستی ڕاستتە.
١٠ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە، گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
١١پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە، کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
١٢دانیشتووانی شاری سور بە دیارییەوە دێن، خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
١٣کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە، جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
١٤بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن، یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ دێنن.
١٥بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن، دێنە ناو کۆشکی پاشا.
١٦کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە، دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
١٧یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە، بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.