کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٤٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان، باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین، تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان، لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.

٢بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و باوباپیرانی ئێمەت چاند، گەلانت وردوخاش کرد و گەشەت بە باوباپیرانمان دا.

٣ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکەکەدا نەگرت، بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، بەڵکو دەستی ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو، هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.

٤تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.

٥لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.

٦من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.

٧بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.

٨بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین.

٩بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.

١٠وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.

١١وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.

١٢گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.

١٣لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.

١٤ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.

١٥ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،

١٦لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.

١٧ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.

١٨دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.

١٩بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.

٢٠ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە، یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،

٢١ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو، چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟

٢٢لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

٢٣ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟ هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە!

٢٤بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟ بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟

٢٥گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە، سکمان بە زەوییەوە نووساوە.

٢٦ڕاپەڕە! بگە فریامان! لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.