١ئەی هەموو گەلان، ئەمە ببیستن، ئەی هەموو دانیشتووانی زەوی، گوێ بگرن،
٢پایەبەرز و پایەنزم، هەژار و دەوڵەمەند پێکەوە.
٣دەمم باسی دانایی دەکات، لێکدانەوەی دڵم تێگەیشتنە.
٤گوێ بۆ پەند شل دەکەم، بە قیسارە مەتەڵەکەم ڕوون دەکەمەوە.
٥بۆ لە ڕۆژانی تەنگانە بترسم، کاتێک فێڵبازە خراپەکارەکان دەورم دەگرن؟
٦ئەوانەن کە پشت بە سامانیان دەبەستن، شانازی بە دەوڵەمەندییەکەیان دەکەن.
٧کەس ناتوانێت ژیانی براکەی بکڕێتەوە، یان کەفارەتی ئەو بداتە خودا.
٨کڕینەوەی ژیان زۆر گران دەکەوێت، هەرگیز ناتوانرێت نرخی تەواوی بدرێت،
٩تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و گۆڕ نەبینێت.
١٠بێگومان هەموو دەبینن کە تەنانەت کەسە داناکانیش دەمرن، نەزانەکان و گێلەکان وەک یەک لەناودەچن و سامانیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن.
١١گۆڕیان ماڵی هەتاهەتاییانە، شوێنی نیشتەجێبوونیانە نەوە دوای نەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەویشیان بە ناوی خۆیانەوە ناودەنا.
١٢مرۆڤ هەرچەندە دەوڵەمەند بێت نامێنێت، وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
١٣ئەمە ڕێگای ئەوانەیە کە پشت بە خۆیان دەبەستن، ئەوانەش کە دوایان دەکەون بە قسەکانیان پەسەندی دەکەن.
١٤ئەوانە وەک مەڕن و چارەنووسیان مەرگە، مەرگ دەبێتە شوانیان. لە بەیانیدا سەرڕاستەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکەن، شێوەیان دادەڕزێت، جیهانی مردووان دەبێتە ماڵیان.
١٥بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە، چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.
١٦ترست لێ نەنیشێت ئەگەر یەکێک دەوڵەمەند بوو، شکۆمەندی ماڵەکەی زیاد بوو،
١٧چونکە کە مرد هیچ لەگەڵ خۆی نابات، شکۆیەکەی بەدوایەوە نابێت.
١٨لەگەڵ ئەوەی کاتێک زیندووە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت، ستایش دەکرێیت کاتێک سەرکەوتوو بیت.
١٩بەڵام ئەویش بۆ نەوەی باوباپیرانی دەڕوات، ئەوانەی هەتاهەتایە چاویان بە ڕووناکی ناکەوێتەوە.
٢٠مرۆڤ دەوڵەمەندیش بێت ئەگەر تێنەگات، وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.