کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٥٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.

٢لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە، خودا پڕشنگ دەدات.

٣خودامان دێت و بێدەنگ نابێت، ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت، گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.

٤بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی، هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:

٥«بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم، کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»

٦ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، چونکە خودا خۆی دادوەرە.

٧«ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم، ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم: من خودام، خودای تۆم.

٨سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت، قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.

٩من پێویستیم بە گای ماڵەکەت نییە، پێویستیم بە گیسکی ناو پشتیرەکەت نییە،

١٠چونکە هەموو گیانلەبەرانی دارستان هی منن، هەروەها مێگەلەکانی سەر هەزارەها گرد.

١١هەموو باڵندەی چیاکان دەزانم، هەموو زیندەوەرانی دەشتودەر هی منن.

١٢ئەگەر برسی بم، بە تۆ ناڵێم، چونکە جیهان و هەرچی تێیدایە هی منە.

١٣ئایا من گۆشتی گا دەخۆم، یان خوێنی گیسک دەخۆمەوە؟

١٤«قوربانی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکە، نەزرەکانت بەرامبەر هەرەبەرز بهێنە دی،

١٥لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە، دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.»

١٦بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ: «تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت، یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟

١٧تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە.

١٨کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت، بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە.

١٩دەمت بە خراپە دەکەیتەوە، زمانت فێڵبازی دادەهێنێت.

٢٠دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت، بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت.

٢١ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم، وات زانی منیش وەک تۆم. بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم.

٢٢«ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.

٢٣ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات، ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.