١ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە، بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
٢بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و لە گوناهم پاکم بکەرەوە،
٣چونکە من یاخیبوونم دەزانم، هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
٤لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد، لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد، تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت، دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
٥ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم، گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
٦ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت، لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
٧بە زوفا پاکم بکەرەوە پاک دەبم، بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
٨با گوێم لە شادی و خۆشی بێت، با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
٩چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
١٠ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
١١لە بەرچاوی خۆت دەرم مەکە، ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
١٢شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە، بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
١٣ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ دەکەم، گوناهباران دەگەڕێنەوە لات.
١٤ئەی خودایە، خودای ڕزگاریم، لە سزای خوێنڕشتن دەربازم بکە، هەتا زمانم گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
١٥ئەی پەروەردگار، لێوەکانم لێک بکەرەوە و دەمم ستایشت ڕابگەیەنێت.
١٦تۆ بە قوربانی دڵشاد نابیت، ئەگینا پێشکەشی دەکەم، بە قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
١٧قوربانی بۆ خودا ڕۆحێکی شکاوە، ئەی خودایە، تۆ بە سووکییەوە تەماشای دڵی شکاو و وردوخاشکراو ناکەیت.
١٨بە ڕەزامەندی خۆت چاکە لەگەڵ سییۆن بکە، شووراکانی ئۆرشەلیم بنیاد بنێوە.
١٩ئەوسا بە قوربانی ڕاستودروستی و بە قوربانی سووتاندنی تەواو دڵشاد دەبیت، ئەوسا گا لەسەر قوربانگاکەت پێشکەش دەکرێت.