کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٥٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟ ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا، بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟

٢زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت، وەک گوێزانێکی تیژ وایە، خەریکی فێڵبازییە.

٣زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە، لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.

٤حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە، ئەی زمانی فێڵباز!

٥بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات، دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت، ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.

٦ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن، پێی پێدەکەنن و دەڵێن:

٧«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی، بەڵکو پشتی بە زۆریی سامانەکەی بەستبوو، بە تێکشکاندنی کەسانی دیکە بەهێز بوو!»

٨بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم، هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.

٩هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت، ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.