١ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە، لە ناڵەم وردبەرەوە.
٢گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام، چونکە لێت دەپاڕێمەوە.
٣ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت، بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم،
٤چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت، بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.
٥لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن، ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،
٦ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت، یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.
٧بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ، بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.
٨ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە، ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم،
٩چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە، ناوەڕۆکیان لەناوچوونە، قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.
١٠ئەی خودایە، تاوانباریان بکە! با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە، لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە، چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.
١١بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن، با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن. دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە، هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.
١٢بێگومان ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت، بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.