کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٦٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت، ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.

٢تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.

٣هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟ ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن، وەک شوورایەکی داڕووخاو؟

٤تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن، خۆشییان لە درۆوە دێت. بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن، بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.

٥ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە، چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.

٦تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە، پەناگای منە، نالەقێم.

٧ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە، تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.

٨هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن، دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن، چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.

٩ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە، مرۆڤ تەنها درۆیەکە، ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین، هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.

١٠پشت بە زۆرداری مەبەستن، پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن. ئەگەر سامانتان زیادی کرد، دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.

١١جارێک خودا فەرموویەتی، دوو جار بیستوومە: کە هێز هەر هی خودایە،

١٢هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار. بێگومان تۆش، هەرکەسێک بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.