کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٦٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت، گیانم تینووی تۆیە، جەستەم شەیدای تۆیە، لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

٢لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.

٣لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە، لێوەکانم ستایشت دەکەن.

٤بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم، بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.

٥گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری، بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

٦لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە،

٧چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.

٨گیانم بە تۆوە بەندە، دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

٩بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن، بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.

١٠ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.

١١بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت، هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن، چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.