کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٦٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە، ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.

٢لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە، لە کۆمەڵی خراپەکاران.

٣کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە، قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە.

٤لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن، لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن.

٥بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن، دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن، دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»

٦تەگبیر بۆ تاوان دەکەن، دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!» بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.

٧بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت، لەناکاو برینداریان دەکات.

٨زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان، هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.

٩هەموو ئادەمیزاد دەترسن، کاری خودا ڕادەگەیەنن و بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.

١٠با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و پەنا ببەنە بەر ئەو، با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.