١ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
٢بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن، ستایشی شکۆدار بکەن!
٣بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن! هێزت ئەوەندە گەورەیە، دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
٤سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»
٥وەرن کردارەکانی خودا ببینن، کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
٦دەریای گۆڕی بۆ وشکانی، ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە. با بە ئەو شادمان بین.
٧بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات، چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن، با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.
٨ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن، با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
٩کە گیانی ئێمەی بە زیندوویی پاراستووە و نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
١٠ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە، وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
١١ئێمەت خستووەتە داوەوە و باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
١٢تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن، بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین، بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
١٣بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت، نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
١٤ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا، لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
١٥ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی، لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی، تەگە و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
١٦ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن، با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
١٧بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد، ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
١٨ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە، پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
١٩بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم، گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
٢٠ستایش بۆ خودا، کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.