١ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ، لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
٢ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن، پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.
٣ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە، ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
٤ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت، یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
٥با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت، با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و شکۆمەندیم بکەوێتە سەر خاک.
٦ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە، لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە. ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
٧کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
٨با یەزدان دادوەری گەلان بکات. ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە، بەگوێرەی دروستییەکەم.
٩ئەی خودای ڕاستودروست، کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی، خراپەی بەدکاران مەهێڵە، بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.
١٠خودای هەرەبەرز قەڵغانی منە، ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
١١خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە، هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
١٢ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە، خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات، کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
١٣چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە، تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.
١٤ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە، بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
١٥چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات، بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو چاڵەی هەڵیکەندووە.
١٦ئاژاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر خۆی و توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.
١٧ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی، گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.