کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە! تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.

٢بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت، هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.

٣کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم، کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە، مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،

٤مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟ کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟

٥کەمێک لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.

٦دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا، تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:

٧هەموو مەڕ و مانگاکان، هەروەها ئاژەڵی کێوی،

٨باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و هەرچی لەناو دەریادا دەژی.

٩ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.