١ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
٢بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.
٣کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن،
٤چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
٥تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
٦دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیانت وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت.
٧بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
٨بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
٩یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
١٠ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.
١١گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە، لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن،
١٢چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە، هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.
١٣ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە،
١٤تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم، هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.
١٥نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو، پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
١٦یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە، بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.
١٧بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
١٨بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن، ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.
١٩ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت، با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
٢٠ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە، با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.