١ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟ بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
٢بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن، گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
٣کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات، داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
٤بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە، هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
٥هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە، لە حوکمەکانی خودا ناگات، ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
٦لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت، هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
٧دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە، بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
٨لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت، خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
٩وەک شێر خۆی مات دەکات، خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان، بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
١٠نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن، دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
١١لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە، چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
١٢ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە، ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
١٣چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟ بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
١٤بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
١٥بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە، تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
١٦یەزدان پاشایە هەتاهەتایە، نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
١٧ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت، دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
١٨بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان، تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.