کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ٨٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە، ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل، ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت، بدرەوشێوە

٢لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە. پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە، بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

٣ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

٤ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟

٥تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون، فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.

٦دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان، ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

٧ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

٨دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە، نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.

٩خاکت بۆ ئامادە کرد، ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.

١٠سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی، چڵەکانی ئورزە گەورەکان.

١١لقی هەتا دەریا هاویشت، پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار.

١٢بۆچی شووراکانیت ڕووخاند تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟

١٣بەرازی دارستان وێرانی دەکات، زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.

١٤ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە! لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە! ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،

١٥ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی، ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

١٦سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە، بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.

١٧با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت، لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

١٨ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە، بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

١٩ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە! ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.