١ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ، پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە، ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
٢تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
٣لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن، کەس نەبوو بیاننێژێت.
٤بووین بە پەندی دراوسێکانمان، بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
٥ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟ هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
٦تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن، بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە،
٧چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە، نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
٨گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە، با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت، چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
٩ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە، لەبەر شکۆی ناوی خۆت. دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە، لە پێناوی ناوی خۆت.
١٠بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا خوداکەیان؟» با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە.
١١با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات، بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە.
١٢ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی دراوسێکانمان پێیان کردی، لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە.
١٣ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ، هەتاهەتایە ستایشت دەکەین، نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین.